الاثنين، 23 مايو 2011

بایكۆتكردنی شەڕی راگەیاندن؟! ...

ئەو بارگرژیەی وا بۆ ماوەی دوو مانگ زیاتر دەڕوات هەرێمی كوردستانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە، بەر لەوەی پەیوەندی بە چاكسازیەوە هەبێت، لە بنەڕەتەوە سیاسیە. پێش ئەوەی شەڕی گەندەڵی و هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و هەڵبژاردنی پێشوەخت و حكومەتی بنكەفراوان و دانانی بیرۆكەی كەسی شیاو لە شوێنی شیاو و تەوزیفكردنی كاراكتەری تەكنۆكرات بێت لە دونیای ئیداریماندا، شەڕێك بوو لە ماراسۆنێك دەچوو لە پێناو گەیشتن بە هەڕەمی دەسەڵات. رەنگە پێویست بەوە نەكات لەوە زیاتر لە رێی شەڕی راگەیاندنەوە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە شتێكی وا لاوەكیەوە سەرقاڵ بكرێن، چونكە لە كۆتاییدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەر دەبێت پێكەوە دابنیشن؟!
بە راستی كاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەنەكان، بە تایبەتیش حكومەت هەوڵی خۆی بۆ ئەوە وەگەڕ بخات، تا رەوشەكە هێمن و ئارام بكاتەوە، لەبەر ئەوە هێمنكردنەوەی بارودۆخەكە، دەبێتە مایەی ئەوەی كەشێك بڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی پێكەوە دابنیشن. راگرتنی شەڕی راگەیاندن، دەبێت یەكێك بێت لە ئەولەویەتی هەنگاوەكانی حكومەت، ئەگەر بە ئیتیفاق كار بۆ شتێكی وەها بكرێت، زۆر باشە، ئەگەریش نەكرا، چۆن ئەوان بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانیان دەكرد، باشتر وایە بۆ ئەوەی حكومەت لەم گەمەیەدا بۆ مێژوو بێ خاڵ دەرنەچێت، وا باشە بە بڕیارێك میدیاكانی دەسەڵات بایكۆتی ئەو شەڕە نەخوازراوەی راگەیاندن بكات!
لە دوای هێوربوونەوەی بارودۆخەكە، دەبێت بە زووترین كات هەوڵ بۆئەوە بدرێت، پەیوەندی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و فۆرمی كاركردنیان لە چوارچێوەی یاسایەكدا رێكبخرێت، چونكە بارودۆخە نا ئاساییەكان ئەوەمان پێ دەڵێن: ئەم دوو هێزە، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، تا ئەم چركەساتە بە دیدی دوژمن و ناحەز لە یەكتری دەڕوانن، لە كاتێكدا لە وڵاتە دیموكراتەكان، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، وەكو رەنگە جیاوازەكان تەواوكەری یەكترین!
دەسەڵات دەبێت باش ئەوەی لەبەر دید بێت، لە حاڵەتی تەندروستی خۆیدا، ئۆپۆزسیۆنێكی تەندروست دەكەوێتە كێبركێوە لە گەڵیدا، بەڵام لە حاڵەتی نا تەندروستیدا، ئەوكاتانەی وا رادیكالانە هەموو كایەكانی ژیان بۆ خۆی قۆرخ دەكات، دەبێت چاوەڕوانی شتی لەوەی ئەمجارە خراپتر بكات. بە دڵنیاییەوە لە پشت هەر دەسەڵاتێكی جوان و بێ خەوشەوە، ئۆپۆزسیۆنێكی لەو جوانتر لە گۆڕەپانەكەدا دەبێت، بەڵام كاتێك خودی دەسەڵات لە هەندێك رووەوە لاوازو خەوشدار دەبێت، ناكرێت گلەیی لە جۆری بیركردنەوەو هەڵوێستی لایەنی ئۆپۆزسیۆنیش بكرێت؟!
 دەسەڵات دەبێت كار بۆ ئەوە بكات چۆن بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە وێنەی لە پێش چاوی كۆمەڵانی خەڵك لە حەقیقەتی خۆی جوانتر بكات، دەبێت لە رێی هەماهەنگی و كاری هاوبەشەوە ئاماژە بە هەبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی نەوعەن ما جوانیش بكرێت، لەبەرئەوە ناشیرینكردنی لایەك، بە مانای ناشیرینكردنی كۆی فەزای سیاسییمان دێت. خاڵێكی دیكە ئەویش زۆر بەداخەوە گوزارشت لە خەوشداری هەمووان دەكات، لەكاتی دروستبوونی ئەو قەیرانەدا، كە رەوشی كوردستانی خستە ژێر بارێكی قورس و دژوارو نائاساییەوە، ئەوەی لە هەڵوێستی ئەندامانی لایەن و حزبەكان بینیمان، نواندنی كارێكی نۆرماڵ و ئاسایی نەبوو، بە تایبەتیش هەڵوێستی هێزە بەرهەڵستكارەكان، ئەوەی لەو ماوەیەدا بە لای ئەوانەوە گرنگ بوو، تەنها بەرژەوەندی خۆیان و شەقام بوو، سەیرە كاتێك وڵاتێك رووبەڕووی قەیرانێكی مەترسیدار دەبێتەوە، دەبینین دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن وەك تاكە هێزێك و خاوەن بەرژەوەندیەكی هاوبەش لە یەك سەنگەردا دەردەكەون، نەك ئۆپۆزسیۆن وا بزانێت كۆتایی دونیایەو لە یەك بەرەیەكدا هەموویان سەرباری جیاوازی دیدو ئایدۆلۆژیا، وەكو هەڵگری یەك ئەجێندا دەربكەون. ئێمە چاوەڕوانی ئەوە بووین، هەڵوێستی هەندێك لە ئەندامانی ئەو هێزانە یان خودی مەكتەب سیاسیی حزبەكان، بە تایبەتیش ئەندام پەرلەمانەكان گۆڕانی بەسەردا بێت، بەڵام ئەوەی بینیمان، وا دەرنەچوو، جێی خۆیەتی پرسیاری ئەوە بكەین: بۆ دەبێت لە دونیای ئێمەدا فۆرمی سیاسەت و سیاسەتكردن بە شێوەی مارەبڕین و عەقدی زەواج لە زیهنی ئەندامانی حزبەكاندا وێنابكرێت، ئاخر ئەو رەوشە ئاڵۆزەی بۆ جارێكی دیكە چارەنووسی كوردستانی رادەستی قەدەر دەكرد، بایی ئەوەی تێدا بوو ئەندامانی پەرلەمان بەرژەوەندی باڵای كوردو كوردستان بەر لە بەرژەوەندی حزب یان بزووتنەوەكەیان لەبەرچاو بگرن، بایی ئەوەی تێدا بوو لە ناو پەرلەمان و لە پێش چاوی زومی كامێراكان، هەڵوێستیان بە ئاشكرا دەرببڕن، یان لەم پانتاییەی ئێمەدا چۆن سەرۆك هەڵە ناكات، ئەندام پەرلەمان و مەكتەب سیاسییەكانیش هەڵەی لەو جۆرە ناكەن، دەبێت بە هەموو لایەكمانەوە لە هەوڵی ئەوەدابین، شتی نوێ بهێنینە نێو دونیای سیاسەتمانەوە، رەنگە لەم ماوەیەدا بتوانین كۆتایی بە بەشێكی ئەم رەوشە بهێنین، بەڵام گرنگە بە یەكجاری كۆتایی بەم فۆرمە لە كاركردن بهێنرێت، دەبێت بە هەموو لایەكمان لە هەوڵی ئەوەدا بین، فۆرمی پەیوەندیەكان و ئەجێنداو هەڵوێستی سیاسیمان لە پێناو دۆزەكەمان لە ناو ماڵی خۆمان بگۆڕین؟!

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق